کرماشان؛ ڕێگری لە ئایەت غوڵامی، مامۆستای سوننە مەزهەب لە مامۆستایەتی و چالاکی لە مزگەوت

02:29 - 23 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئایەت غوڵامی مامۆستای سوننە مەزهەب و پێشنوێژی مزگەوتی "محمد المصطفی" لە کرماشان، پاش بانگکران بۆ حەراسەتی ناوەندی ڕۆحانییەتی کرماشان، بە فەرمانی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە ڕێگری لە پێشنوێژی و چالاکییەکانی لە مزگەوت کراوە.

ئەم مامۆستا سوننە مەزهەبە کە پێشتر چەندین جار بە هۆی پشتیوانینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەت، واژۆکردنی بەیاننامە بۆ مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، دەسبەسەرکرانی مامۆستایان و ڕێگریکردن لە چالاکییەکانیان، ناڕەزایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران و ئەو کەسانەی کە سووتەمەنی دەگوازنەوە، ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکوومەت و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینی لەسەر بنەماکانی مەزهەبی سوننە بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاندووە بە هۆی بەڕێوەچوونی پۆلی دینی و قەبووڵنەکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حیراسەتی ناوەندی ڕۆحانییەت لە پێشنوێژی و چالاکی بێبەری کراوە.

مامۆستا ئایەت غوڵامی لەم ڤیدیۆیەدا کە لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ: پاش کۆتاییهاتنی کۆرۆنا وەکوو پێشنوێژی مزگەوتی "محمد المصطفی" لە کرماشان دیاری کرام و هەر لە سەرەتا ناوەندە پێوەندیدارەکان پێیان وتووە کە تەنیا مافی بەڕێوەبردنی چەند پۆلی هەیە. ناوبراو دەڵێ بە هۆی ئەوەی کە ئەم مزگەوتە زۆر قەرەباڵغە و پۆلەکان پێشوازیی باشیان لێ ئەکرا، ڕێژەی پۆلەکان بۆ ٣٠ پۆل بەرز بوویەوە و بەشداربووانیش کەسانی جیاوازی نزیک لە حیزبە سوننە مەزهەبەکان بوون. لە ئاکامدا بانگی حیراسەتی ناوەندی ڕۆحانییەتی کرماشان کراوە و پاش ئامادەبوون لەم ناوەندە سێ کەس داوایان لێ کردووە کە مزگەوتەکە بەجێ بهێڵێ، چونکە ڕێگری لە پێشنوێژی و چالاکییەکانی دەکرێ. هۆکاری ئەمەش بەرێوەبردنی پۆل بۆ بەشداربووانی لایەنگری مەزهەنی سوننە لە حیزبە جیاوازەکان ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لەم شوێنەدا بەم مامۆستایە وتراوە، دەبێ ئێمە دیاریی بکەین چ کەسانێک مافی وانەوتنەوەیان هەیە و ئیزنی هەبوونی چەند پۆل هەیە. ئێمە پێشنوێژێکمان دەوێ سەداسەد پەیڕەوی ئێمە و فەرمانەکانی ئێمە بێ، کە مامۆستا ئایەت بەرانبەر بەمە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و ئەمەی بە ستەم دژی سوننە مەزهەبەکان ناو بردووە و وتوویەتی لەم حاڵەتەدا هیچ مامۆستایەک متمانەتان پێ ناکا. تەنانەت یەکێک لە و کەسانەی کە لە حەراسەت بووە پێی وتووە "حەزمان لێیە نەهێڵین لەوێ چالاکی بکرێ."

ناوبراو لە کۆتاییدا دەڵێ، حەراسەتی ناوەندی ڕۆحانییەت داوایان لە ناوبراو کردووە کە یا فەرمانەکانیان جێبەجێ بکا یان ڕێگری لە پێشنوێژی و چالاکییەکانی دەکرێ. پاش ئەوەی کە مامۆستا ئایەت مەرجەکانیان قەبووڵ ناکا، داوایان لێ کردووە کە بە خەڵک بڵێ، دەستی لەکار کێشاوەتەوە و پرسەکە بخاتە ئەستۆی "لێژنەی بەڕێوەبەریی مزگەوت" کە ئەوەشی قەبووڵ نەکردووە.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ؛ چەندین جار بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە کە بۆچی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە قازانجی حکوومەت قسەی نەکردووە و بۆچی بەیاننامەی مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژادی واژۆ کردووە، بۆچی سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی مامۆستایان و پێشگرتن لە چالاکاییەکانیان ناڕەزایەتیی دەربڕیوە، بۆچی جێژنەکانی قوربان و ڕەمەزان و هەروەها نوێژەکانی تەراویحی بەپێی پرەنسیپی مەزهەبی سوننە ڕاگەیاندووە و خوێندووە، بۆچی سەبارەت بە کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنی‌بەران ناڕەزاەتیی دەربڕیوە یا ڕەخنەی لە بەرپرسان گرتووە و ... .

ناوبراو دەڵێ لە وڵامی هەموو ئەمانەدا وتوویەتی ئەمانە هۆکارگەلێک نین کە پشتیان پێ ببەسترێ و دەبێ دژی ستەمی ئاشکرا هەڵوێست بگیرێ و بێدەنگ نەبوو. بەم هۆیەوە هیچکات خیانەت بە سوننە مەزهەبەکان ناکەم و ستەم دژی ئەوان قەبووڵ ناکەم.

مامۆستا ئایەت غوڵامی بەم شێعرە سەبارەت بە ئازادی، قسەکانی خۆی کۆتایی پێ هێناوە.

_گەر بە ئازادی نەژیم، مردن خەڵاتە بۆ لەشم

_خدایا چنان کن سرانجام کار که تو خشنود باشی و ما رستگار

_ له سەر ڕێگەی حەق هەرگیز مەبە کز، با هەرچی دزە هەر پێت بێژن دز، تۆ ئەگەر وابی با خوا لێت رەزا بێ با هەر ئەو و ئەو لێت لە هەرا بێت