مەهاباد؛ دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

01:37 - 22 پووشپەڕ 2724

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عەلی دانشی" و "سلێمان مەحموودی" خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٣، سلێمان مەحموودی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە کاتی گەڕانەوە لە بۆکان لە خاڵی پشکنینی "کەڵکی بەگزادان"ی مەهاباد لەلایەن هێزە  ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هەروەها سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "عەلی دانشی" و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی عەلی دانشیدا، دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.