دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە پیرانشار

01:14 - 22 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەدخالید ڕەسووڵزادە" خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگە یاسایی لە شوێنی کاری ناوبراودا لە پیرانشار هێرشیان کردووەتە سەری و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی "محەممەدخالید رسووڵزادە" هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە گوندی "بندەرەێ"ی پیرانشار و پاش پشکنینی ماڵەکەی هەندێک لە کەرەستە کەسییەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

محمدخالید ڕەسووڵزادە تەمەن ٤٠ ساڵ خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.