بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیدریس دادڕەس

13:20 - 12 پووشپەڕ 2724

ئیدریس دادڕەس، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سەردۆش"، دانیشتووی مەریوان دەسبەسەرە و ناڕوونیی چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە، نیگەرانیی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ناوبراوی لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیی کورتی تلفۆنیی هەبووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئیدریس دادڕەس تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و لە شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە مەیدانی "جەهاد"ی مەریوان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە بەرچاوی ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە لێیان داوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەم هاووڵاتییەدا گرتووە.

ئیدریس دادڕەس، کوڕی سابیر، خێزاندارە و ٥ منداڵی هەیە.

تاکو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.