کوردستان؛ دایکە مافخوازەکان پاش بایکۆتی بەربڵاوی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە، قەت لەگەڵ بکوژان نابینە هاوپەیمان

21:35 - 10 پووشپەڕ 2724

دوابەدوای بایکۆتی بەربڵاو و سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە لە چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماریی حکوومەتی ئێراندا، کۆمەڵێک لە دایکانی مافخوازی کوردستان کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە قەت لەگەڵ بکوژان و ئەوانەی کە درۆ دەکەن نابینە هاوپەیمان.

دایە مینا، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە دایکانی مافخواز لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسی؛ "ڕێزمان بۆ خوێنی پاکی منداڵەکانمان هەیە و بە حورمەتی خوێنی پاکی منداڵەکانمان و باقی منداڵەکان، قەت لەگەڵ بکوژان و فێڵبازان و ئەوانەی کە درۆ دەکەن نابینە هاوپەیمان".

پێشتر دایکە مافخوازەکانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی دوو بەیاننامە، وێڕای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان داوایان لە خەڵک کرد کە خوێ بەسەر برینیاندا نەکەن.

وێنەی بڵاوکراو تایبەت بە دایکی گیانلەدەستداوان؛ شەهریار محەممەدی، ئیبراهیم شەریفی فەر، هێمن ئامان، ئەمجەد عینایەتی، هیوا جان جان، هەژار مام خوسرەوی و میلاد مەعرووفییە.

بەیاننامەی یەکەم لەلایەن کۆمەڵێک لە دایکە مافخوازەکانەوە بوو کە وتیان؛ هەموو ڕێژیم مەحکوومە و بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردندا ناکەین.

بەیاننامەی دووەم لەلایەن دەیان بنەماڵەی مافخوازەوە کە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خوێناویی منداڵەکانیان وتیان؛ خوێ بە برینماندا مەکەن.

هەڵبژاردنی چواردەیەمین خولی سەرۆککۆماری لە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپوڕی ١٤٠٣ بەڕێوە چوو و ئەگەرچی حکوومەت ڕێژەی بەشداریی خەڵکی ٤٠ لەسەد ڕاگەیاند، بەڵام هەموو ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئەم هەڵبژاردنە کەمترین ڕێژەی بەشداری لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بووە.

هەروەها ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و دەیان سەرچاوەی کوردپا ڕایانگەیاند کە ڕێژەی بەشداری لە هەموو شارەکانی کوردستان لە ٥ لەسەد زیاتر نەبووە و لە نێوان یەک هەتا ٥ لەسەد لە شار و گوندەکان لە گۆڕاندا بووە.  ئەم ڕێژەی بەشدارییەش تایبەت بە کەسانی حکوومەتی و کەسانێک بووە کە بە هۆی کار، گوزینش و دۆخی تایبەتی ناوەندە حکوومەتییەکان ناچار بوون بەشداری بکەن.