سزای سێ ساڵ بەندکرانی مێهدی مەجیدی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە

11:46 - 5 پووشپەڕ 2724

سزای سێ ساڵ بەندکرانی مێهدی مەجیدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕ لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان بە تۆمەتەکانی "پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسرائیل" بە سێ ساڵ بەندکران، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ٨ مانگ بەندکران سزا دراوە و ئەم سزایە لە ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، یاسای پێوەندیدار بە ڕێژەی تاوانەکان، زۆرترین سزا بۆ مێهدی مەجیدی جێبەجێ دەکرێ.

مێهدی مەجیدی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم لاوە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا و لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.