مەریوان؛ کوژرانی ژنێک و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان

05:32 - 22 رەشەمه 2725

٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ لە سێزدەهەمین ڕۆژی ململانێی سەربازی نێوان ئیسرائیل–ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوەندێک سەر بە سپای پاسدارانی ئێنقلابی ئیسلامی لە گوندی «بڵکڕ » سەر بە شاری مەریوان لە پارێزگای کوردستان، ژنێکی هاووڵاتی مەدەنی گیانی لە دەست دا و دەیان کەسیتریش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، ئەم بنکە سنوورییە لە گوندی «بڵکڕ » بووەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، لە درێژەی ئەم هێرشەدا ژنێکی مەدەنی گیانی لەدەست دا و ٤٥ هاووڵاتی مەدەنیتریش لە دانیشتووانی ئەم گوندە بریندار بوون.

ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان هەروەها باس لە برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە ناوچەی «کانی‌دینار» دەکەن. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، نزیکبوونی ئەم ناوچانە لە ناوەندە سەربازییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا گیان و ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە مەترسی بکەوێت و تووشی برینداربوون ببن.

بەپێی یاساکانی کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژێنێڤ و بنەماکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، دەوڵەتان و لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی چەکداری پێویستە هەمیشە جیاوازی لەنێوان ئامانجە سەربازییەکان و ناوچە مەدەنییەکان بکەن و خۆیان لەو کردارانەی کە دەتوانێت ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بخاتە مەترسی بپارێزن. هەروەها دانانی دامەزراوە و کەرەستە سەربازییەکان لە نزیکی ناوچە نیشتەجێبووەکان دەتوانێت مەترسی زیانگەیشتن بە خەڵکی مەدەنی زیاد بکات. هەوەها بە پێی ئەم یاسایانە پێویستە دەوڵەتەکان بە وەرگرتنی ڕێوشوێنی پێویست ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییان لە وەها بارودۆخێکدا بپارێزن.