مەهاباد؛ جێگیرکردن و گواستنەوەی هێز و کەرەستەی سەربازی بۆ هۆڵێکی وەرزشی و زیادبوونی نیگەرانییەکی جیددی لەنێو خەڵک سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە قوتابخانەکان بە مەبەستی نیزامی

06:04 - 22 رەشەمه 2725

٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ بەکارهێنانی نیزامی شوێنە گشتی و خزمەتگوزارییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان هێشتا هەر بەردەوامە. بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گواستنەوە و جێگیرکردنی هێز و کەرەستەی سەربازی لە هۆڵی وەرزشی «جەلیل خوسرەوشاهی» کە لە تەنیشت قوتابخانەی «زانیار» هەڵکەوتووە بینراوە و لە هەمان کات لەگەڵ داخستنی ژمارەیەک قوتابخانە، نیگەرانییەکی جیددی لەنێو هاووڵاتییان سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی ئەم ناوەندە فێرکارییانە وەک شوێنی سەربازی زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو لە شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێ، هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆڵی وەرزشی « جەلیل خوسرەوشاهی»یان کە لە کۆڵانی «قەساب‌خانه»ی ئەم شارە هەڵکەوتووە، کردووە بە شوێنی جێگیرکردنی هێزە سەربازیی و نیزامییەکان.

لە هەمان کاتیشدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قوتابخانەکانی دەوری ئەم شوێنەش داخراون، هەر بەم بۆنەیەوە هاووڵاتیان ترس و نیگەرانییەکی زۆریان لە لا درووست بووە.

بەپێی بنەماکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و ماددەکانی کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ، لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی چەکداری پێویستە لەنێوان ئامانجە سەربازییەکان و شوێنە مەدەنییەکان جیاوازی بکەن و لە بەکارهێنانی سەربازی لە ناوەندە مەدەنییەکان وەک قوتابخانەکان، ناوەندە فێرکارییەکان و شوێنە گشتییەکان کە دەتوانێت ژیانی خەڵکی مەدەنی بخاتە مەترسییەوە خۆیان بپارێزن.

وێنە: دیمەنێک لە شوێنی دوایی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بینای بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد؛ لەم وێنەیەدا هێزە چەکدارەکان لەنێو هاووڵاتیاندا دەبینرێن. هەروەها وێنەکە ئاماژە بەوە دەدا کە دوکانەکان و شوێنی کاری خەڵک لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا زیانیان پێگەیشتووە.