سەقز؛ سدێق یووسف‌پور، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ»ی سەقز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

20:00 - 20 رەشەمه 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، سدێق یووسف‌پوور، ناسراو بە "پیرەهەڵۆ"، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی، تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی سدێق یووسف‌پووریان دەسبەسەر کرد و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنه ڕاگوێزرا.

سدێق یووسف‌پوور پێشینەی دەسبەسەرکران و حوکمدرانی هەیە.

هەتا کاتی بلاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.