بەندیخانەی ورمێ؛ پێشگرتن لە ئەمیر سەیدی، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی باوکی

21:23 - 30 جۆزەردان 2724

٢٩ی جۆزەردان؛ بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ پێشیان بە ئەمیر سەیدی، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی باوکیدا گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ پێشگرتن لەم بەندکراوە سیاسییە بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی باوکیدا لەکاتێکدا بووە کە بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ پێشتر ئیزنی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەکەی باوکیان پێ نەدابوو و بەڵێنیان پێ دابوو کە ئەگەر ئەم هەواڵە بڵاو نەبێتەوە، ئیزنی بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەکەی پێ دەدەن.

شەوی دووشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٦ ساڵەیان دەسبەسەر کرد و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێیان ڕاگواست. ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراودا دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی تاکەسیشیدا گرتبوو.

٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ئەمیر سەیدی پاش نزیکەی ٦ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە و لەکاتێکدا کە مافی چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەرەکەی نەبوو، بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دواتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ٣ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ڕایگەیاندووە کە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێوەندییان بە ناڕەزایەتییەانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە هەیە.

ئەمیر سەیدی خاوەنی کافەیەک لە باخی میکائیلی مەهابادە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بووە.

بنەماڵەی سەیدی لە کاتی دەسبەسەربوونی کوڕەکەیاندا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و دۆخی کوڕەکەیان، چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.