عەبدولکەریم کاکول بە تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا

18:13 - 30 جۆزەردان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، عەبدولکەریم کاکول، بەندکراوی سیاسی  خەڵکی گوندی "حەسەن نووران" سەر بە شاری شنۆ، هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ۳ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی ئیجرای ئەحکامی دادگای گشتی و ئینقلابی شنۆ دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەهدی ڕەزایی" بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

سەرلەبەیانیی یەکشەممە ۱٨ی پووشپەڕی ۱٤۰۲، عەبدولکەریم کاکول بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا.