سزای جەماڵ عەلیزادە گۆڕدرا بە زیندانی باز

10:11 - 26 جۆزەردان 2724

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای جەماڵ عەلیزادە، چالاکی مەدەنیی خەڵكی پیرانشار گۆڕدرا بۆ زیندانی باز.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە بە کەڵکوەرگرتن لە زیندانی باز، ماوەی سزاکەی خۆی تێدەپەرێنێت.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و پاش جێبەجێکرانی حوکمەکەشی، دادستانی پیرانشار ئیزنی گرتنی پارێزەری پێ نەداوە.

ڕۆژی سیشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢، جەماڵ عەلیزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە، خاکەلێوەی ١٤٠٢، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان"، بە ٣٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

شەوی سێشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی جەماڵ عەلیزادە و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

جەماڵ عەلیزادە، بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.