سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە

18:02 - 17 جۆزەردان 2724

سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ڕازینی" وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سزای لەسێدارەدرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد نێوەڕاستەکانی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە کە لە بەندی وەرگرتنی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بەندی ئەو بەندکراوانەی کە چارەنووسیان ناڕوونە، بە بێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانەکان ڕاگیراوە لە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا نەجەفزادە" بە تۆمەتەکانی وەک "افساد فی الارض"، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە سەروەری و سەربەخۆیی وڵات" و  "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا درابوو.

پاش دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ٢٣٥ کەس لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننە مەزهەبی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی هێزی دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی ئەمنییەتی، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەندامەتیی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە گرووپە توندئاژۆکان ڕایانگەیاند کە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی مامۆستا محەممەد نادادپەرواەرانە بووە و دژایەتیی لەگەڵ یاساکانی حکوومەت بووە و ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی دەبێ لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت بەڕێوە بچێ.

پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاندبوو: دادگا بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات، پێوەندی لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان، ڕێبەریکردنی ناڕەزایەتییەکانی بۆکان و ئەو زیانانەی کە بەر شوێنە گشتییەکان کەوتوون لەو تۆمەتانەن کە وەپاڵ ئەم مامۆستا دراون.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و پاش چوار دانیشتنی کورتی دادگا، دادگاکە ناوبراوی بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا دا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە دادگادا ڕەت کردوونەتەوە و سەبارەت بە سزای دەرکراو لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەتوندی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کران.

دەسبەسەرکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە پاش قسەکانی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی بۆکان دەسبەسەر کرابوو.

ئەم مامۆستایە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی گیانلەدەستداوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، خوازیاری ڕاگرتنی کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بووە و ڕایگەیاندبوو کە "لە جیاتی بەکارهێنانی سەرکوت بیر لە ڕێکاری لۆژیکی و چارەسەری کێشەکان بکەنەوە، هەموو دەزانین کە توندوتیژی و کوشتار بە هێچ کوێ ناگات."

هەروەها ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، ئەم مامۆستا کوردە لەگەڵ ٤٥٣ مامۆستای دیکە بە واژۆی بەیاننامەیەک لە پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی ڕایگەیاندبوو: ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سوننیی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی لێبڕاوی خۆی لە داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵک، توندوتیژی و دەسبەسەرکران و کوشتنی ناڕازییان بەتوندی مەحکووم دەکات و وێڕای ئاوات خواستن بۆ ئارامیی کوژراوانی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و ڕاگەیاندنی هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاریان، سەرەخۆشیی خۆمان لە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران ڕادەگەینین."

مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ کراوە و بە فەرمانی "مرکز بزرگ اسلامی غرب کشور" و ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە پێشنوێژیی مزگەوتەکانی سنە و بۆکان دەر کراوە.