٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو، پێشانگای وێنەکێشانی «ژوانی سروشت» بە ٣٠ بەرهەمی هونەریی «فاتێح ڕەزایی»، هونەرمەندی سەقزی، بە تەوەری سروشت، جیهانی باڵندەکان و ئاژەڵان و وێنەی ژنان، بە ئاراستەی هۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگە و ئەو ئاژەڵانەی لە مەترسیی لەناوچووندان، لە گالێریی مانای پەردیسی سینەمایی سەقز کرایەوە و تا ٢٣ی ڕەزبەر بەردەوام دەبێت.
پیشانگای وێنەکێشانی «ژوانی سروشت» پێک دێت لە ٣٠ بەرهەمی هونەری کە ٢٤ بەرهەمیان تایبەتن بە سروشت و دیمەنەکانی لە دامێنی سروشتدا لەلایەن فاتێح ڕەزاییەوە کێشراون. ٦ بەرهەمەکەی تریش تایبەتن بە ئاژەڵان و ئەو باڵندانەی کوردستان کە لە مەترسیی لەناوچووندان، لەوانە «کۆتر» و «چێڕگ»، بۆ ئەوەی سەرنجەکان بۆ مەترسیی لەناوچوونیان ڕابکێشن و جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان بکەنەوە.
«فاتێح ڕەزایی»، هونەرمەندی سەقزی، لە بەرهەمەکانی ئەم پیشانگایەدا کەڵکی لە تەکنیکی ڕەنگ ڕۆغەن و ڕێبازی نیوئەمپرێسیۆنیزم وەرگرتووە و بینەران دەتوانن دیمەنەکانی سروشت و بابەتی مرۆیی و ئاژەڵی لە چاوی ئەم هونەرمەندەوە تێماشا بکەن. ئەم پیشانگایە لە ٢٠ی ڕەزبەرەوە دەستی پێ کردووە و تا ٢٣ی ڕەزبەر بەردەوام دەبێت. ئارەزوومەندان دەتوانن لە کاتژمێر ١٥ تا ١٨ سەردانی بەرهەمەکان بکەن.
«ژوانی سروشت» چوارەمین پێشانگای تاکەکەسیی فاتێح ڕەزایییە کە دەرفەتێکە بۆ ناساندنی نوێترین بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە و پەیوەندیی زیاتری بینەران بە هونەری وێنەکێشانەوە. فاتێح ڕەزایی ٢٠ ساڵە سەرقاڵی چالاکیی هونەرییە.





