مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە
00:42 - 6 جۆزەردان 2724
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیبراهیم خیشکار" خەڵکی گوندی "دەل" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی مەریوان دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئیبراهیم خیشکار زانیارییەک دەست نەکەوتووە.