شنۆ؛ دەسبەسەرکرانی ٥ چالاکی بواری میدیا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە پێوەندی لەگەڵ نەورۆزی ئەمساڵدا
ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هەژار مەحموودی، دڵشاد شاداب، سەمیع مەحموودی ئەقدەم، زاهیر حاجیپوور و باست قادرزادە لە چالاکانی بواری میدیا و بەڕێوەبەرانی لاپەڕەی ئینستاگرامی "شنۆیەکەم" پاش بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بانگکران و دەسبەسەرکرانی ئەم ٥ چالاکە لە پێوەندی لەگەڵ ڕووماڵکردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ١٤٠٣ لە شنۆ بووە.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا بە سەبارەت بە شێوەی دەسبەسەرکردن و دۆخی ئەم ٥ هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە ڕایدەگەینێ کە مۆبایل و لەپتابی ئەم چالاکانە لەلایەن هێزە و ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.
ئەم کەسانە پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە لاپەڕەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی شنۆییەکەم لە ئینستاگرام دەڵێ ئەم پەیجە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار بەدواداچوونی بۆ ئەکەن، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە بەردەست نەماوە.
پێشتریش چەند پۆستی ئەم ئینستاگرامە سەبارەت بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی شنۆدا سڕدرابوونەوە.
هەژار مەحموودی، وێنەگر و ڕۆژنامەوان، دڵشاد شاداب، وێنەگر، باست قادرزادە، وێنەگر و سەمیع مەحموودی ئەقدەم، مامۆستای زمانی کوردییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە چارەنووسی ئەم ٥ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هەژار مەحموودی، سەمیع مەحموودی ئەقدەم، باست قادرزادە، دڵشاد شاداب و زاهیر حاجیپوور