ڕاگواستنی کەماڵ لوتفی، پاش چەند حەفتە دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی بۆ بەندیخانەی کامێران
٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کەماڵ لوتفی باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان پاش نزیکەی مانگێک دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی، لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بنەماڵەی لوتفی بە سەردان بۆ دادگا زانیویانە کە ناوبراو بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزراوە و دادستانیش لە قەبووڵکردنی هەر چەشنە بەڵگەنامەیەک وەکوو بارمتە بۆ ناوبراو خۆی بواردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ سەرەڕای ئەوەی کە کەماڵ لوتفی نەخۆشیی پێستی هەیە و پێویستی بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە، بەڵام بنەماڵەکەی ئاگاداری دۆخەکەی نین و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش وڵامدەر نین.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کەماڵ لوتفی پاش بانگکران بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی قوروە دەسبەسەر کرا و هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری لەلایەن دادگای ئینقلابی دێولانەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرا. بەپێی سزای دەرکراو، کەماڵ لوتفی بە تۆمەتەکانی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران، "بێرێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ بەندکران و "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" بە دوو ساڵ بندکران سزا دراوە.
کەماڵ لوتفی بۆ یەکەم جار لە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لە یەکێک لە شەقامەکانی دێولان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرا. ناوبراو لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و سەرەڕای زۆربوونی تەمەنی و ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی خۆی لە بەندیخانەی کامێران مانی لە خواردن گرتبوو.
ناوبراو لە کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارە کرابوو.
ڕەزا لوتفی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی دێولان، لە یەکەمین کەسەکان بوو کە لە ڕۆژی سێهەمی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١دا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکاندا لە دێولان بە تەقەی هێزە سەرکەتکەرەکان کوژرا.
پاش قەتڵی حکوومەتیی ڕەزا لوتفی، بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئەنجامدانی وتووێژی تلویزیۆنی و تاوانبارکردنی حیزبە کوردستانییەکان بە کوشتنی کوڕەکەیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە.
کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی چەند ڕؤژ پاش قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەی و لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.