بەندیخانەی ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک

11:16 - 29 بانەمەڕ 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک  و ٢٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "حاجیاوا" سەر بە شاری بۆکان، تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان، بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزران و دواتر پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان و لێپرسینەوە لە گرتنگەدا، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سیامەک هەیاسی بۆ ماوەی ١٠٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و بەتوندی ئەشکەنجە دراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون. تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندراوە.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، سیامەک هەیاسییان دەسبەسەر کرد و پاشان دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە: لەپتاب، فلەش مێمۆری و مۆبایلەکەی داگرتووە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، ئالان داغدار بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرا.

وێنە: سیامەک هەیاسی