کوژرانی لاوێکی کوردی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لە سنووری "چۆمان"

23:39 - 25 بانەمەڕ 2724

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لاوێکی کورد بە ناوی "موعین تۆفیقپوور" کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی "چۆمان" سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی پاسگای سنووریی چۆمان کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم لاوە کوردە هیچ چەشنە کاڵا و بارێکی پێ نەبووە و تەنیا خەریکی تێپەڕین بووە کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ هۆشداریدانی پێشوو تەقەیان لەم هاووڵاتییە کردووە.

تەرمی ئەم لاوە کوردە بۆ نەخۆشخانەی بانە ڕاگوێزراوە و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

موعین تۆفیقپوور، تەمەنی ٢٤ ساڵە و خێزاندارە .