پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

07:30 - 20 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی و برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە پیرانشار دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە مەدەنییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرد.

حاجی بەرزە برای پاپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە شاری پیرانشارە کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.