شنۆ؛ ئاکۆ ئیبراهیمی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا
شەوی سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٣، ئاکۆ ئیبراهیمی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ" سەر بە شنۆ، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر یەکێک لە قاوەخانەکانی تاچیناوێ هەڵکەوتوو لە شنۆ، بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو و هۆکاری دەسبەسەرکرانی لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە ئاکۆ ئیبراهیمی، ئامۆزای مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی ئێعدام کراوە.
بەیانیی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، پاش شەش ساڵ بەندکران و سەرەڕای ئەوەیکە جارێک حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا.
ناوبراو ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بریندار و پاشان دەسبەسەر کرا و چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسی لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا لێپرسینەوەی لێکرابوو. تەرمی مەحیەدین ئیبراهیمی لەلایەن حکوومەتی جمهووری ئیسلامییەوە بێسەروشوێن کرا.