سنە؛ تارق ڕەحیم‌پوور بە سێ ساڵ بەندکران سزا درا

22:24 - 17 خاکەلێوه 2724

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "تارق ڕەحیم‌پوور"، تەمەن ٣٩ ساڵ و کوڕی مووسا، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی" بە سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مۆبایلی تارق ڕەحیم‌پوور لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە تاکوو ئێستا لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ڕۆژی دووشەممە، یەکی خەزەڵوەری ١٤٠٢، تارق ڕەحیم‌پوور، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاردا بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٢، ١٢ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان بە توندوتیژییەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩، تارق ڕەحیم‌پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٤ ساڵ زیندانی تەعلیقی و سەبارەت بە سکاڵای سپای پاسداران بەنیسبەت "گوێنەدان و بێڕێزیکردن بە حکوومەت و هێزەکانی حکوومەت" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.