سنە؛ دەسبەسەرکرانی خالید ئەحمەدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

03:05 - 11 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، خالید ئەحمەدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی دووشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە سێنفییە لە سنە و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایل و کۆمپیۆتەری ئەم چالاکە سێنفییەدا گرتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: خالید ئەحمەدی، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بووە کە بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە بچێت.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی خالید ئەحمەدی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.