سنە؛ سۆما پوورمحەممەدی، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی "نۆژین" بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ کرماشان سزا درا

22:51 - 1 بانەمەڕ 2724

سۆما پوورمحەممەدی، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی" بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرماشان سزا درا.

دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" ئەم سزایەی بەسەر سۆما پوورمحەممەدیدا سەپاندووە.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕۆژی  ٢٩ی خاکەلێوەدا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ڕۆژی شەممە یەکی بانەمەڕ حوکمی دادگای سەرەتایی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

پێشتر، سۆما پوورمحەممەدی لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی سنەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، سۆما پوورمحەممەدی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوسەرکەی ئیدریس مینبەری، لە دادگای ئینقلابی سنەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کرا.