سنە؛ مەجید کەریمی چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە بەندکران سزا درا

22:45 - 1 بانەمەڕ 2724

مەجید کەریمی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان_سنە و کەڵاتەرزان، لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزا تەعزیرییەکان، سزای بەندکران ئەم چالاکە سێنفییەی بە پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕی.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سزایە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠١، مەجید کەریمی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەم چالاکە سێنفییە پاش یەک حەفتە ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا و ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە پووشپەڕی ١٤٠١، بانگی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرابوو.