بەندیخانەی نەغەدە؛ حوسێن بورکە بە بەندکران و دوورخرانەوە سزا درا

20:20 - 30 خاکەلێوه 2724

حوسێن بورکە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سوغانلوو" سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سێ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخرانەوە بۆ ورمێ سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سزایە کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە شێوەی فەرمی لە بەندیخانە بە حوسێن بورکە ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، حوسێن بورکە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سوغانلوو" سەر بە شاری پیرانشار لە بەندیخانەی نەغەدەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

نێوەڕاستی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢، حوسێن بورکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ دوو ڕۆژ پاش ئازادکران، بانگی لێپرسینەوەی دادگای پیرانشار کرا و دیسانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.