کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درا

16:28 - 29 خاکەلێوه 2724

کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بەپێی حوکمی دەرکراو، کەماڵ لوتفی بە تۆمەتەکانی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران، "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە ٢ ساڵ بەندکران و "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە دوو ساڵ بەندکران سزا دراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سزایە نزیک بە دوو مانگ پێش بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کەماڵ لوتفی پاش بانگکران بۆ دادسەرای گشتی  و ئینقلابی قوروە دەسبەسەر کرا و سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

کەماڵ لوتفی لە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لە یەکێک لە شەقامەکانی دێولان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرا. ناوبراو لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و سەرەڕای زۆربوونی تەمەنی و ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی خۆی لە بەندیخانەی کامێران مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو لە کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارە کرابوو.

ڕەزا لوتفی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی دێولان، لە یەکەمین کەسەکان بوو کە لە ڕۆژی سێهەمی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١دا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکاندا لە دێولان بە تەقەی هێزە سەرکەتکەرەکان کوژرا.

پاش قەتڵی حکوومەتیی ڕەزا لوتفی، بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئەنجامدانی وتووێژی تلویزیۆنی و تاوانبارکردنی حیزبە کوردستانییەکان بە کوشتنی کوڕەکەیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە.

کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی چەند ڕؤژ پاش قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەی و لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.