تاران؛ خەدیجە مێهدی‌پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە دەسبەسەر کرا

11:51 - 29 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، خەدیجە مێهدی‌پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو خەڵکی شاری ئەیوان غەرب بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە لە تاران دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دەوروبەری کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، خەدیجە مێهدی‌پوور کە بۆ جێبەجێکردنی کارێکی ئیداری لە مێترۆی "نەبەرد"ی تاران چووبووە دەرەوە، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ بە توندوتیژییەوە لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم بەندکراوە سیاسییە لە شەقامدا و لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئێرشادەوە بۆ ماوەی ١٠ خولەک لەبەر چاوی خەڵکەوە لێی دراوە .

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە دواتر بۆ پۆلیسی ئەمنییەت ڕاگوێزراوە و پاش دوو کاتژمێر ڕاگیران ئامادە نەبووە بەڵێننامەی نووسراو واژۆ بکات، بۆیە پاش واژۆکردنی بەڵگەی پشتڕاستکردنەوەی تەندروستیی خۆی ئازاد کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢، خەدیجە مێهدی‌پوور، هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەکەی لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ئەم بەندکراوە سیاسییە کە لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری ٢ی ئیلامەوە بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.

ڕۆژی ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٢، خەدیجە مێهدی‌پوور لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری ٢ی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلیڕەزا هێمەتی‌زادە"، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ لە سۆشیاڵ میدیا بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی" بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕەزبەری ١٤٠٠دا دەسبەسەر کرا و بە ٢٠ مانگ بەندکران سزا درا. ناوبراو کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوون ئازاد کرا.

ناوبراو پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەیە.