وردەکاریی منداڵ ئازارییەک لە مەهاباد/ ناوەندە پێوەندیدارەکان شوێنێکیان بۆ پاراستنی ئەم منداڵە دابین نەکردووە

11:57 - 28 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ڤیدیۆیەک لە ئازاردانی منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاو کرایەوە کە نیشانی دەدات منداڵێک لەبەر دەرکەی ماڵەکەی خۆیان لاق و ملی بە زنجیر بەستراوەتەوە. لە بەشێک لەم ڤیدیۆیەدا، پیاوێک هەیە کە خەڵکەکە دەڵێن باوکی ئەم منداڵەیە و منداڵەکەی خۆی بە زنجیر بەستووەتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردپا، ناوی ئەم منداڵە "ئ-ئا"یە. ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٣٨٩یە و هەتا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندوویەتی و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا دەڵێ باوک و دایکی ئەم منداڵە پێنج ساڵ پێش ئێستا لە یەک جیا بوونەتەوە و ئەم منداڵە لەگەڵ باوکی ئەژیت. ئەم منداڵە دوای وازهێنان لە خوێندن زۆربەی کاتەکان لە دووکانەکەی باوکیدا و لەگەڵ خۆی خەریکی کارکردن بووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم منداڵە لەلایەن باوکییەوە ئازار دراوە و ئەمە یەک جار نییە کە لەلایەن باوکییەوە ئازار دەدرێت، بەڵکوو چەندین جاری دیکەش بە زنجیر بەستراوەتەوە و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی فیزیکی و زارەکیش بووەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هۆکارەکانی ئەم منداڵ ئازارییەی "گوێنەدان بە قسەی سەرپەرست"، "بزێوی"، "نەگەڕانەوە بۆ ماڵ و ڕۆیشتن بۆ ماڵی باپیر و داپیر"، و ... ڕاگەیاندووە. سەرچاوەکانی دیکەی کوردپاش جەختیان کردووەتەوە کە تەنانەت خوشکەکانی ئەم منداڵە و هاوسەری پێشووی باوکیشی چەندین جار ئازاریان داوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم منداڵە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و ڕاپۆرتەکانی خەڵک بە ناوەندە پێوەندیدارەکان، باوکی ئەم منداڵە دەسبەسەر کراوە و بەپێی ئاخرین زانیارییەکان هەتا ئێستا لە دەسبەسەریدایە.

هەروەها ناوەندی بێهزیستی هاتووەتە نێو دۆسییەکەوە و بڕیارە بابەتی ئازار و ئەشکەنجەکە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێ. پێشنیاری ئەم ناوەندە ناردنی ئەم منداڵە بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێ بووە بەڵام بە هۆی "هەبوونی ماددەی هۆشبەر و کەسانی خووگر بە ماددەی هۆشبەر"، ئەم شوێنە بۆ ئەم منداڵە بە گونجاو نازانن. لەلایەکی دیکەوە تاکوو ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ بژاردە و شوێنێکیان بۆ ڕاگرتنی ئەم منداڵە پێشنیار نەکردووە و بە بیانووی نەبوونی "شوێن" جێگایەک بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ناوبراو دیاری نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم مێرمنداڵە جیا لە ماڵی باوکی، شوێنێکی دیکەی نییە و ناوەندە پێوەندیدارەکان وڵامێکی ڕوونیان بۆ پاراستنی ناوبراو نەداوەتەوە؛ ئێستا ئەم مێرمنداڵە چارەنووسی ناڕوونە و لەژێر گوشارێکی دەروونیی زۆردایە و نازانێ چارەنووسی دەبێتە چی.

بەپێی بەندەکانی "ت" و "ذ"ی ماددەی یەکی یاسای پاراستنی منداڵان و مێرمنداڵان (پەسەندکراوی ٢٣/٢/١٣٩٩)، ئەم مێرمنداڵە "کەڵئاوەژوو"ی لێ وەرگیراوە و لەگەڵ "مەترسی" بەرەوڕوویە.

ت) هەڵسوکەوتی خراپ: هەر چەشنە کار یا ئەنجامنەدانی کارێک کە سڵامەتی جەستەیی، دەروونی ئەخلاقی یان کۆمەڵایەتیی منداڵ و مێرمنداڵ تووشی مەترسی و خەسار بکات؛ وەکوو لێدان، بەندکردن، کەڵئاوەژووی جەستەیی، بێڕێزی یان هەڕەشە لە منداڵ و مێرمنداڵ لە کاتێکدا کە لایەنی پەروەردەیی نەبێ یان تووشکردنی لەگەڵ دۆخی دژوار و نائاسایی یان پێشگرتن لە یارمەتیدانی.

ذ) مەترسی: دۆخێک کە هەڕەشە لە ژیان و سڵامەتی جەستەیی یان دەروونیی منداڵ و مێرمنداڵ دەکات و ئازاری پێ دەگەینێ، بە جۆرێک کە دەستێوەردانی خێرا و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەوێ.

هەروەها بەندەکانی "ج" و "ح" و بە ئەگەری زۆرەوە "ز" لە ماددەی ٣ی یاسای منداڵان  و مێرمنداڵان، دۆخی ئەم مێرمنداڵە " مەترسیدار دێتە ئەژمار و دەبێتە هۆی دەستێوەردان و پاڵپشتیی یاسایی لە منداڵ و مێرمنداڵەکە.

ج) توندوتیژیی بەردەوامی دایک و باوک، سەرپەرستی یاسایی و باقی ئەندامانی بنەماڵە بەرانبەر بە یەکتر

ح) دواکەوتنی منداڵ و مێرمنداڵ لە خوێندن

ز) هەڵاتنی بەردەوام لە ماڵ و قوتابخانە لەلایەن منداڵ و مێرمنداڵەوە

ماددەی ٦ی ئەم یاسایەش پەرژاوەتە سەر جێبەجێکردنی ئەرکی ناوەندە پێوەندیدارەکان لەوانە بێهزیستی، هێزی ئینتیزامی، ڕێکخراوی بەندیخانەکان و کردەوە پەروەردەییەکانی وڵات و کە ئەرکدان بە ناسین، پاڵپشتی، ڕاگرتن و بەهێزکردنی منداڵان و مێرمنداڵان سەبارەت بەم یاسایە.

کوردپا هەر چەشنە منداڵ ئازارییەک کە ببێتە هۆی زیانی فیزیکی  و دەروونیی لەسەر منداڵان و مێرمنداڵان بەتوندی مەحکووم دەکات، هەروەها بە سەرنجدان بە سەرنجنەدانی ناوەندە پێوەندیدارەکان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا سەبارەت بەم مێرمنداڵە و نەبوونی شوێنی هێمن بۆ ڕاگرتنیان، داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی و بیری گشتیی کۆمەڵگەی مەهاباد و کوردستان دەکات کە بە هەر شێوازێک کە دەتوانن پشتیوانی لەم منداڵە بکەن و بەستێنێک ساز بکەن کە بتوانێ لە سڵامەتی دەروونی و فیزیکیدا ژیان بەسەر بەرێت.