کرماشان؛ بەهمەن نادری بە ٦ مانگ بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا

22:05 - 27 خاکەلێوه 2724

بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵكی کرماشان، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە بوونی خۆی لە داداگای ئینقلابی کرماشاندا پێی ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی داداگاییکرانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە چووبوو.

بەهمەن نادری لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢دا لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەفتە دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش بانگکران بۆ لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کرماشان بە هۆی بڵاوکردنەەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ڕوونکردنەوەی پێ درا و پاش چەند کاتژمێر بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەهمەن نادری خێزاندار و لەدایکبووی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٦٩ی هەتاوییە.