شنۆ؛ ئەمیر ڕەحمانی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

18:29 - 20 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ئەمیر ڕەحمانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێ"ی شنۆ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەمیر ڕەحمانی پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شکاندنی دەرگای ماڵ و وێڕای ئەشکەنجە و ئازار و بێڕیزیکردن، ئەمیر ڕەحمانییان دەسبەسەر کردبوو.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمیر ڕەحمانی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.