بە دەسبەسەرکرانی ئەمیر ڕەحمانی ژمارەی دەسبەسەرکراوانی خەڵکی شنۆ گەیشتە سێ کەس

23:09 - 29 رەشەمه 2723

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە؛ ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، "ئەمیر ڕەحمانی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێـ"ـی شنۆ، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بەشێوەی توندوتیژییانە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شکاندنی دەرگای ماڵ وێڕای ئەشکەنجە و ئازار و بێڕیزیکردن ئەمیر ڕەحمانییان دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی ڕەوانەی دادگای شنۆ کراوە و پاشان بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە و بڕیارە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە گرتنگەدا بمێنێتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دوو لاوی کوردی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی "شارام شاهی"، کوڕی شەفیع، خەڵکی گەڕەکی "ئەمیراوێ"ی شنۆ و "فەخرەدین ئەحمەدی"، کوڕی عەزیز، خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێ"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، مێرمنداڵێکی ١٥ ساڵە بە ناوی "ماردین گاگەشی"، خەڵکی پیرانشار، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.