سنە؛ محەممەد مورادی نەساری، مامۆستای کورد بەهۆی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە لە ئیدارەی پەروەردە دەر کرا

10:55 - 22 رەشەمه 2723

محەممەد مورادی نەساری، شاعیر و نووسەری خەڵكی ئیلام و خوێندکاری دوکتۆرای وێژەی زانکۆی کوردستان کە خەزەڵوەری ئەمساڵ پاش دەرچوون لە تاقیکاریی مامۆستایەتی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنەدا دەستی بە وانەوتنەوە کردبوو، بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و هەستەی گوزینشی ئیدارەی پەروەردەی سنە، لە سەر کارەکەی دەر کرا.

ئەم نووسەرە کوردە هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "من پێشتر لە تاقیکاریی مامۆستایەتیدا دەرچووم و لە ڕۆژی یەکی خەزەڵوەرەوە بە ڕاگەیاندنی فەرمیی پەروەردە لە قوتابخانەکانی سنە وتنەوەی ئەدەبیاتم دەست پێ کرد. پاش چەند مانگ لە وەرگیران کەسێک پێوەندیی پێوە گرتم و پاش سەردان، پرسیارگەلێکی لێ پرسیم کە بە وتەی خۆی ناوەندە ئەمنییەتییەکان ناردبوویان. پرسیارگەلێک سەبارەت بە چاپکرانی کتێبە شێعرەکانم بە زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی خەڵاتی ئەدەبیی باشوور، بەشداری لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، وتووێژ سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی و ... کە هیچکامیان نەک تەنیا تاوان نین کە لە هەر شوێنێکی جیهان _بە ئەگەری زۆرەوە جگە لێرە_ مایەی شانازی و دەستخۆشین. چالاکیگەلێک لە بە ئیزنی ئیدارە فەرهەنگی و هونەرییەکان بووە."

ناوبراو لە درێژەدا نووسیویەتی: "ماوەیەک پاش ئەو سەردانە، بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی هۆکاری دەرەکردنی کۆدی پێرسۆنێلی و پێدانی مووچەکەم، سەرەتا چوومە ئیدارەی پەروەردەی سنە و دواتر چوومە بەشی هەستەی گوزینشی ئیدارەی گشتیی پەروەردە. وڵامی گوزینش ڕوون بوو: لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەت کراویتەوە و چیدیکە مافی وانەوتنە لە پۆلەکانت نییە. لەلایەکی دیکەوە مووچەی ئەم چەند مانگەشت بە هۆی دەرنەکرانی بەڵگەی دامەزران، پێت نادرێ!"

ئەم شاعێرە ئیلامییە جەختی کردووەتەوە کە :"تۆمارکردنی ناڕەزایەتی لەلایەن منەوە بە جێگایەک ناگات و بە وتەی گوزینش ناوەندی ناوبراو وڵامدەر نییە و تەنیا دەکرێ ناڕەزایەتییەکە دووبارە بکرێتەوە. بە واتایەکی تر؛ بە بێ وەرگرتنی ماف و مووچە کارەکەم لێ وەرگیراوەتەوە و دەر کراوم!"

بەم مامۆستایە ڕاگەیەندراوە کە ئەتوانێ لە دیوانی عەداڵەتی ئیداریدا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات.

محمەممەد مورادی نەساری، نووسەر، شاعێر و بەرپرسی وەشانگەی "باشوور" لە ئیلامە.

سەرماوەزی ١٣٩٧، وەشانگەی "باشوور"، بە سەرپەرستیی محمەمەد مورادی نەساری لە ئیلام و لە بواری زمان و وێژەی کەلهوڕی چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کرد.

خەلاتی ئەدەبیی "باشوور، کە خەڵاتێكی غەیرە دەوڵەتییە، هەمو ساڵێک لەلایەن وەشانگەی "باشوور"ەوە پێشکەشی یەکێک لە شاعێران و نووسەرانی کورد دەکرێت.