سێ هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:30 - 22 رەشەمه 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، پێدرام حوسێن‌پەناهی، زوبەیر حوسێن‌پەناهی و عەباس حوسێن‌پەناهی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "قورووچای"، سەر بە شاری دێولان بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە گرتنگە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی ڕێبەندان، پێدرام حوسێن‌پەناهی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "قورووچای"، سەر بە شاری دێولان و دانیشتووی سنە، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو ڕۆیشتبووە شاری دێولان کە بێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی نێوان سنە و دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتیەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە زوبەیر حوسێن‌پەناهی و عەباس حوسێن‌پەناهییان لە شاری دێولان، دەسبەسەر کرد.

ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو ڕۆیشتبوونە شاری دێولان.