ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە بەندیخانەی ئیلام گەیشتە ٢ کەس

10:27 - 22 رەشەمه 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "مەنسوور مەنسووری"، خەڵکی شاری سەراوڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە تەمەن ٤٤ ساڵە، پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "موعین سەلاح‌وەرزی"، کوڕی محەممەد و خەڵكی گوندی "حەوت چەشمە" سەر بە شاری ئاودانان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە ڕۆژی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٧٠ بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی براکەی دەسبەسەر و لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.