دلێر زاهێدیپوور، چالاکی ژینگە و کۆمەڵایەتی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:53 - 21 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، دلێر زاهێدیپوور، چالاکی ژینگە و کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەریوان، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو چالاکە ژینگەییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڕۆژی هەینی، ٦ی ڕێبەندان، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر مۆبایل و ماشینی ئەم هاووڵاتییەشدا گرتووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی دلێر زاهێدیپوور، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.