حوکمی زیندانیی سلێمان عەبدی بۆ زیندانی باز گۆڕدرا

11:46 - 21 رەشەمه 2723

حوکمی زیندانیی سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجوومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز، بۆ زیندانی باز گۆڕدرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سێنفییە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەمە ماوەی حوکمەکەی بەشێوەی زیندانی باز، لە دەرەوەی زیندان تێپەڕ دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقزەوە سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی دوشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە دۆسییەیەکی تردا و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی"، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقزەوە بە ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ قامچی سزا درا.

دادگا، ٨ مانگ زیندانی ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی بە ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بە ئەندامانی کۆمیتە ئیمداد گۆڕیوە و لێدانی ٧٠ قامچییەکەشی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سەقز پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سلێمان عەبدی ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ناوبراودا مۆبایلەکەی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١دا قەرارێک لە دادگای سەقز دەرکرا و بەو پێیە بەڵگەیەک بۆ بەتاوانبارناسینی سلێمان عەبدی دەست نەکەوت.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم چالاکە سێنفییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.