مەتین ڕازیان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:20 - 21 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەشەمە، مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی "مەتین ڕازیان"، کوڕی سەعید، خەڵکی گوندی "ملە" و دانیشتووی سەقز، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو میرمنداڵە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو بێبەری بووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: "مەتین ڕازیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە داوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە دۆسییەیەک بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بە دژی مەتین ڕازیان کراوەوتەوە.

شەوی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی حوکمی یاسایی ئەو مێرمنداڵەیان لە گەڕەکی "ساڵحاوا"ی سەقز دەسبەسەر کردبوو.

مەتین ڕازیان قوتابییە و بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەی کۆڵبەری دەکات.