فەرزاد مەحموودپوور، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

00:48 - 17 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، فەرزاد مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "تێكدانی کەرەستەی گشتی" بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو.

لقی ٢٦ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی "عەلی ئەکبەر یەساقی" و بە ڕاوێژکاریی "عەلی ئەکبەر بەنائی‌ڕاد"، بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی فەرزاد مەحموودپوور بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسییەکەی، حوکمی دادگای سەرەتاییان پشتڕاست کردەوە و ئەم سزایە لە ١٨ی ڕێبەنداندا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانان، فەرزاد مەحمودپوور پاش ١١ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی لێپرسینەوەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرا.

فەرزاد مەحموودپوور تەمەنی ٢٢ ساڵە و کوڕی عەلی و خەڵکی ئەمیرئابادی شنۆیە.