بانە؛ دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کران

00:44 - 17 رەشەمه 2723

شەوی دووشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار کران.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی یەکێک لەم کۆڵبەرانەی "فەخرەدین یووسفی"، ڕاگەیاندووە کە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لێ کراوە.

ئەم دوو کۆڵبەرە لەم ڕووداوەدا لاقیان بریندار بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، فەخرەدین یووسفی بە هۆی سەختیی برینەکەی لاقییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە.

کوردپا بە مەبەستی دەستخستنی زانیاری و وەردەکاریی زیاتر سەبارەت بە دۆخی ئەم کۆڵبەرە لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە.