بەندیخانەی ورمێ؛ کامران قاسمی، بەندکراوی سیاسیی کورد مانی لە خواردن گرت

00:42 - 17 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، کامران قاسمی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ورمێ تێدەپەڕێنێت، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدربڕین بە دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە و ئیدارەی ئیتلاعات لەگەڵ مورەخەسی و ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە کە لە بەندی سەروو ئەمنییەتیی بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە، زیاتر لە نیوەی ماوەی سزاکەی خۆی تێپەڕاندووە بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعات داواکارییەکەی ناوبراو بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و ئازادیی مەرجداریان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش ڕایگەیاندنی مانگرتن لە خواردن بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: کامران قاسمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی هەر چەشنە مورەخەسییەک بێبەری بووە.

کامران قاسمی، هاووڵاتیی خەڵكی ورمێ، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا و پاش یەک ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانە، سەرماوەزی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا درا.

سزای بەندکرانی کامران قاسمی لە ئاکامی قەبووڵکردنی سزاکەیدا، بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری گۆڕدرا.