سامان یاسین ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونیی ئەمین ئاباد (ڕازی) کرا

00:37 - 17 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، سامان یاسین (سەیدی)، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە بەندیخانەی قزلحساری کەرەجەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونیی ئەمین ئاباد (ڕازی)ی شاری ڕەی تاران ڕاگوێزرا.

سوبحان یاسین، برای ئەم هونەرمەندە کوردە لەمبارەوە لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاندووە: سامان یاسین لەژێر چاوەدێڕیی چڕی ئەمنیەتی و بە دەستبەند و پێبەندەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونیی ئەمین ئاباد (ڕازی) کراوە.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە حەفتەی ڕابردوو ڕوو لە بەرپرسی هێزی دادوەری سەبارەت بە ناڕووونیی چارەنووسی خۆی لە بەندیخانە ناڕەزایەتیی دەربڕی و نووسیبووی: من سامان یاسین (سەیدی)، ١٨ مانگە کە لە بەندیخانەکانی تاران و کەرەج هاتوچۆم پێ دەکرێ و چارەنووسم ناڕوونە و بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە بەندیخانە ڕاگیراوم. لەم ١٨ مانگەدا چەندین جار کاتی دادگاییم بۆ دیاری کراوە بەڵام بەڕێوە نەچووە. کێشەی دەروونی و جەستەییم هەیە و بەرپرسانی بەندیخانەش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانم ناکەن."

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەگەڵ ٨ زیندانیی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی سەعید ماسووری، ئەفشین بایمانی، موتەلیب ئەحمەدیان، حەمزە سەواری، لوقمان ئەمین‌پوور، محەممەد شافعی، حوسێن گەچلوو و مەسعوود کازمی‌نژاد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٨ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگوێزران.

ئەم گۆرانیبێژە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، لەگەڵ ١٢ زیندانیی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی سەعید ماسووری، جەعفەر ئیبراهیمی، ئەفشین بایمانی، سێپێهر ئیمام جومعە، حەمزە سەواری، لوقمان ئەمین‌پوور، محەممەد شافعی، مەسعوود ڕەزا ئیبراهیمی نژاد، کامیار فەکوور، ئەحمەدڕەزا حائێری، ڕەزا سەلمانزادە، زەردەشت ئەحمەدی ڕاغب، بە شێوەی کتوپڕ و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەندیخانەی قزلحساری کەرەج ڕاگوێزران.

ئەم ١٣ زیندانییە، دواتر بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ڕاگواستنیان بۆ بەندیخانەی قزلحساری کەرەج و دۆخی خراپی ڕاگیرانیان لە بەندیخانە، مانیان لە خواردن گرت.

سامان یاسین لە پەیامێکی دەنگیدا لە بەندیخانەوە کە پێش لە ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئێڤین تۆمار کرابوو، ئاماژەی بە ئەشکەنجەکانی ماوەی دەسبەسەرکران لە لەسێدارەدرانی ساختەوە هەتا بڕینی کونی لووت لە ئاکامی ئەشکەنجەی لێپرسەکان و گوشارەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کردبوو.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سامان یاسین پاش ڕەتکرانەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، تاکوو ئێستا چەند جار دوا خراوە.

پاش هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی سامان یاسین لە دیوانی باڵای وڵاتدا، تۆمەتەکانی ئەم گۆرانیبێژە "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات"، و "هەڵگرتنی چەک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی" ڕاگەیەندران.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە پێشتر بە "موحاربە" تۆمەتبار کرابوو و دواتر لەم تۆمەتە بێتاوان ناسرا.

سامان یاسین ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی خۆی لە بەندیخانەی ئێڤین، مانی لە خواردن گرت و پاش یەک حەفتە لەسەر داوا و پێداگریی بنەماڵە و هاوبەندییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەم گۆرانیبێژە کرماشانییە، ڕۆژی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە، لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزراوە و پاش یەک مانگ ڕاگیران لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج.

 ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، سامان یاسین بەهۆی بارودۆخی دژواری ڕاگرتنی لە ساڵونی ٣١ی ئەندەرزگای ١٠ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، لە ڕێگای خواردنی حەبەوە هەوڵی خۆکوژیی دابوو.

سامان یاسین لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا و ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز، لە زیندانی ئێڤین بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، گو‌ێزابووەوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هونەرمەندە تەمەن ٢٧ ساڵەیە، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە دادگای گشتی و ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵەواتی" لەگەڵ ٨ دەسبەسەرکراوی دیکە بە ناوەکانی "محەممەد قوبادلوو، مۆحسێن ڕەزازادە قەراقلوو، سەعید شیرازی، محەممەد برووغەنی، ئەبولفەزڵ مێهری، حوسێن حاجیلوو، مەنوچێهر مێهماننەواز و سۆهەیل خۆشدڵ"، بەڕێوە چووبوو.

"سامان یاسین" لەو دادگایەدا بە "موحاربە لە ڕێگای تەقەکردن بە دەمانچە و  چەکی ژ٣" و "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی میللی" تۆمەتبار کرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو فیلمە کە لە دادگا بڵاو کراوەتەوە، سامان ڕوو لە دادوەر دەڵێت ئەو تەنیا "تفەنگ بادی" (چەکی چۆلەکەکوژ)"ی هەیە. تەنانەت دادوەر سەڵواتی ناوبراوی بە هەبوونی ١ ساڵ پێشینەی کەیفەری تۆمەتبار کردووە و سامان ئەم ئیدعایەی ڕەت کردووەتەوە.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانی‌گەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.