١٥ مانگ بێسەروشوێنبوونی عوسمان مامە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان

06:22 - 29 رێبەندان 2723

ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ١٥ مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی عوسمان مامە، لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان تێپەڕی، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەی ناوبراوی بە دواوە بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، پاش ١٥ مانگ بەداواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە بۆ ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان و تەنانەت بەیتی ڕەهبەری کە هیچ ئاکامێکیشی نەبووە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیتلاعاتی ورمێ لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە عوسمان مامە لای ئەوانە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بنەماڵەی مامە هیچ پێوەندییەکی تلفۆنی و چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ کوڕەکەیان نەبووە و تەنانەت هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەم پێوەندییەدا بە بنەماڵەکەیان ڕانەگەیاندووە کە عوسمان مامە لە چ شوێنێک ڕاگیراوە. ئەمە نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەی مامە سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و گیانی ئەم بەندکراوە سیاسییەی لێ کەوتووەتەوە.

عوسمان مامە، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە بۆکان پاش چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی ون بوو و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٥٥ ساڵە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بووە و دەسبەسەر کراوە.

عوسمان مامە، کوڕی حەسەن و لەدایکبووی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٤٧ـە.