دەسبەسەرکران و دانپێدانانی زۆرەملێی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بابەک محەممەدی، گۆرانیبێژی خەڵکی سنە

21:00 - 25 رێبەندان 2723

ڕۆژی ڕابردوو، ٢٤ی ڕێبەندان، هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە بابەک محەممەدی، گۆرانیبێژی سنەیی بڵاو کردەوە کە تێێدا ناوبراوی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و "داوای لێبوردن" لە سپای پاسدارن کردووە.

سپای پاسداران ئەم گۆرانیبێژەی ناچار کردووە کە ڤیدیۆکە بە هاشتەگی "سپای پاسداران" کە دڵێکیشی لە لەیە، لە ستۆریی ئینستاگرامەکەی خۆیدا کە زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس بەدواداچوونی بۆ دەکەن، بڵاوی بکاتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە توندوتیژی و گوشار و هەڕەشە دژی ئەم گۆرانیبێژە کوردە، لە ماوەیەکی کورتی دەسبەسەرکرانیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و "داوای لێبوردن" لە سپای پاسداران کردووە.

بەپێی ئەم ڤیدیۆیە، ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە بەردەم کامێرای سپای پاسداراندا "داوای لێبوردن"ی کردووە و ناچار کراوە بڵێ: "هیچ ئامانج و مەبەستێکی خراپم بۆ هیچ ناوەندێک، بەتایبەت سپای پاسداران نەبووە و چیدیکە ئەم کارە دووپات ناکەمەوە. هیوادارم بمبەخشن. بۆ ئەمنییەتیی ئەمڕۆی وڵاتەکەمان قەرزدای سپاین."

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بابەک محەممەدی، لە ڕێوڕەسمێکدا، گۆرانییەکی وتووە و لە بەشێکیدا "سپای پاسدارانی بە قوربانی کچێک" کردووە، سپا ئەمەی بە بێڕیزی بە خۆی زانیوە، بەم بۆنەیەوە بە دەسبەسەرکردنێکی کورت ماوەی ئەم گۆرانیبێژە، دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگرتووە و هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم هونەرمەندە نووسیویەتی: "لە ڕۆژانی رابردوودا، کلیپێک لە بابەک محەممەدی، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی سنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگادا بڵاو کرایەوە کە بە شێوەی بێ عەقڵانە کەڵکی لە وشەی گاڵتەئامێز وەرگرتووە کە پەراوێزی زۆری بە دواوە بوو."

دانپێدانانی زۆرەملێ لە تاکەکان بەتایبەت خەڵکی ناسراو کە خەڵکی زۆر بەدواداچوونیان بۆ دەکەن و ناچارکردنیان بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیانە لە لاپەڕەکانی خۆیاندا، یەکێک لە هەوڵەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ خەوشدارکردنی کەسایەتیی ئەم کەسانە لە کۆمەڵگایە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئیتلاعاتی سنە بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پیشنوێژی مزگەوتی جامیعەی گوندی نەنەڵەی سنە، ناوبراوی ناچار بە داوای لێبوردن لە مامۆستایانی ئایینیی سەر بە حکوومت کرد.