ورمێ؛ گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی نیما شەفەق دووست، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ پاش ١٢ ڕۆژ ئازار و خوێنڕێژیی زۆر لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و چارەسەرکردنی لە ماڵەوە

09:53 - 24 رێبەندان 2723

خەرمانانی ١٤٠١، نیما شەفەق دووست، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی ورمێ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی گەڕەکی ئیسلام ئابادی ئەم شارە و بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان لە لاقی، بە سەختی بریندار بوو. ناوبراو پاش ١٢ ڕۆژ لەکاتێکدا کە بنەماڵەکەی بەهۆی گەمارۆدرانی ئەمنییەتیی نەخۆشخانەکان و دەسبەسەرکردنی برینداربووان لە ماڵەوە و لە نۆرینگەی پزیشکیی تایبەتدا پرۆسەی چارەسەرکردنیان دەست پێ کرد،  دوابەدوای خراپبوونی دۆخی تەندروستیی لە ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ کرا و پاش نیو کاتژمێر مانەوە لەوێ، بە هۆی چڵککردنی زۆری جەستەی گیانی لەدەست دا.

کوردپا کە بە شێوەی تایبەت چۆنیەتیی برینداربوون و کوژرانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی تۆمار دەکات، ئەمجارە شێوەی قەتڵی حکوومەتیی نیما "شەفەق دووست"، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی ورمێ دەگێڕێتەوە.

تەقەکردن لە نیما شەفەق دووست لە نزیکەوە و دڵنووسراوەیەک لە نیما کە ئاماژە بە "پێکەنین گاڵتەکردن"ی هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لەم مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە دەکات؛

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە شێوەی برینداربوونی نیما شەفەق دووست بە کوردپا دەڵێ؛ نیما کاتژمێر ١٠ شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە کۆڵانی "ئیسلام ئاباد"، کرایە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت.

 فیشەکێک لە نزیکەوە بەرەو لاقی ڕاستی دەقێندرێت، بەڵام چونکە تەقەکردنەکە لە نزیکەوە بووە، لە هەر دوو لاقیەوە تێپەڕیوە و کونێکی گەورەی لە لاقەکانیدا درووست کردووە.

لە دڵنووسێکی نیما شەفەق دووست کە لە کاتی برینداربوونیدا بە دەستی کوردپا گەیشتووە، ناوبراو بەم جۆرە باس لە شێوەی برینداربوونی خۆی دەکات؛ " لە خواردنگەوە خەریکی ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵ بووم و لە کۆڵانی "ئیسلام ئاباد"ەوە تێدەپەڕیم. کۆڵانەکە چۆڵ بوو، لەناکاو دەستەیەک لە خەڵک کە زیاتر لە ١٢ کەس بوون بەرەو لای من هاتن و وتیان کوڕە گیان هێزە نیزامییەکان هاتن، هەڵێ. منیش کە ترسابووم بە خۆمم وت، مەگەر چیم کردووە کە هەڵێم و بە هێواشی بە ڕێگای خۆمدا دەڕۆیشتم. لە پێشمەوە تێپەڕین. هەر لەو کاتەدا ماشینێک پڕ لە هێزی نیزامیم بینی، چەکەکەیان ڕوو لە من کردبوو، منیش زۆر ترسابووم؛ هەڵاتم و ئەوانیش بەدوامدا هاتن، بەڵام هەر لەو کاتەدا دەنگی تەقە هات، بەر چاوم ڕەش بوو، لاقەکانم لەرزین و کەوتم، چاوم کردەوە دەنگی پێکەنینەکەیانم بیست، گاڵتەیان پێ دەکردم. زانیم هەر دوو لاقم خوێنیان لێ دەچۆڕێ و ئازاری زۆریان هەبوو. هێزە نیزامییەکان چووبوون و من بە تەنیا لەسەر زەمینەکە کەوتبووم. پاش چەن ساتێک بە هۆی خوێنرێژی و ئازاری زۆرەوە، سەرم لە گێژەوە هات و لە هۆش چووم."

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ پاش لەهۆشچوونی نیما، کەسێک بۆ یەکێک لە ماڵەکانی کۆڵانی "ئیسلام ئابادی" ڕادەگوێزێ و ژنێکی بەتەمەن فیشەکەکە لە لاقی دەر دەکات و شوێنی برینەکە بە پەڕۆیەک دەبەستێ.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێ کە بە فیشەکی جەنگی تەقە لە نیما کراوە.

پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ نیما شەفەق دووست لە ماڵدا لە ترسی دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و گیانلەدەستدانی بەهۆی چڵککردنی برینەکەی پاش ١٢ ڕۆژ؛

بنەماڵەی نیما پاش برینداربوونی کوڕەکەیان، بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە ڕایدەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بە هۆی گەمارۆدرانی نەخۆشخانەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە ترسی دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان لە چوونەژوورەوە پاشگەز دەبنەوە.

 بنەماڵەی نیما کوڕەکەیان دەبەنەوە بۆ ماڵەوە و پزیشکێکی تایبەتی بۆ دەدۆزنەوە کە لە ماڵەوەدا چارەسەری کوڕەکەیان بکات.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، پاش تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ، نیما بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە و چڵکردنی برینەکەی و خوینڕێژیی زۆر و ڕاوەستانی دڵییەوە، نیو کاتژمێر پاش ڕاگوێزرانی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دەدات.

نیما شەفەق دووست کە دڵنووسەکەیدا سەبارەت بە ڕەوتی چارەسەرکردنەکەی نووسیویەتی؛ "دوایی منیان بردە نەخۆشخانە، بەڵام ڕەتیان کردمەوە و دەستیان لێ نەدام. باوکم ناچار بوو پزیشکی تایبەتم بۆ بدۆزێتەوە و پزیشکێک دۆزرایەوە، لە ماڵەوە چارەسەری بۆ کردم و لاقی بۆ پانسمان کردم... بەڵام ئازارم زۆرە و ئێستا زۆر ئازار دەچێژم...

پاش چەن ڕۆژ پێی وتم ناتوانێ لە گەڵم بێت، وتی دەرس و کارم هەیە." نیما دواتر ڕستەگەلێکی سەبارەت بە پێوەندییە تایبەتی و سۆزدارییەکانی خۆی نووسیوە کە کوردپا لە ئەگەری وەرگرتنی ئیزنی بنەماڵەکەیدا بڵاوی دەکاتەوە.

ئەم دڵنووسە، ئاخرین دڵنووسی نیما بووە و ئاخرین وشەی "جارێ..." بووە.

بەرپرسانی حکوومەت "پەلاماردانی سەگ"یان وەک هۆکاری مەرگەکەی ڕاگەیاند، بەڵام دایکی سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان پاش سێ مانگ لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند کە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت کوڕەکەیان کوشتووە؛

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی نیما شەفەق دووست، حەسەن شێخی، فەرماندەی ئینتیزامیی ورمێ هۆکاری مەرگی ناوبراوی "پەلاماردانی سەگ" ڕاگەیاند. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە بەڵگەی کۆچی دوایی پزیشکی دادوەریدا هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە، "نادیار"، ڕاگەیەندراوە.

بنەماڵەکەی سەرەتا بە هۆی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان ناچار کران، وتەی بەرپرسانی حکوومەت پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی سێ مانگ، دایکی نیما بێدەنگیی شکاند و هۆکاری مەرگی کوڕەکەی، تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت ڕاگەیاند.

دایکی یەم مێرمنداڵە کە ڤیدیۆیەکدا لە بڵاوی کردەوە، شێوەی برینداربوونی کوڕەکەی بەم جۆرە دەگێڕێتەوە؛ ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، نیما بۆ وەرگرتنی مووچەکەی چووبووە شوێنی کارەکەی لە شارەکی "ئیسلام ئاباد"ی ورمێ کە لە کاتی گەڕانەوەدا دەکرێتە ئامانجی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و بریندار دەبێ. دانیشتووانی ئەو شارەکە، سەرەتا دەیبەنە ماڵێک و پاش بەستنی برینی لاقی، دەیگوازنەوە بۆ ماڵی مامی. مامی نیماش هێنایەوە بۆ ماڵی خۆمان. بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی، بردمانە نەخۆشخانە بەڵام بەهۆی هەبوونی هێزە ئەمنییەتییەکان و لە ترسی دەسبەسەرکرانی، هێنامانەوە بۆ ماڵەوە.

بە وتەی دایکی نیما شەفەق دووست، ناوبراو بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ماڵدا و لەژێر چاوەدێریی پزیشکێک لە نۆرینگەی تایبەتدا بوو، بەڵام لە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا کە پاش نیو کاتژمێر بە هۆی چڵککردنی زۆری برینەکەی گیانی لەدەست دا.

دایکی ئەم مێر منداڵە کوژراوە سەبارەت بە هێرشی هێزە چەکدارەکان بۆ سەر ماڵیان پاش گیانلەدەستدانی کوڕەکەی دەڵێ؛ پاش گیانلەدەستدانی نیما چوار _پێنج کەسی چەکداری هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکە کردووە کە بڵێن، سەگ پەلاماری نیمای داوە.

دایکی نیما لە کۆتاییدا دەڵێ؛ بە ڕۆحی شەهیدەکەم سوێند دەخۆم کە ئەمانە ڕاستیی ڕووداوەکەن.

ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی نیما شەفەق دووست بۆ بنەماڵەکەی تا دوو ڕۆژ و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ کوشتنی باقی لاوەکانی بنەماڵە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن؛

دایکی ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە سەبارەت بە هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێ؛ پاش گیانلەدەستدانی نیما تەرمەکەیان پێ نەداینەوە و ڕادەستی پزیشکی دادوەریی ورمێیان کرد و دوو ڕۆژ دواتر توانیمان تەرمەکە وەربگرینەوە و بەخاکی بسپێرین. دواتر ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا هەڕەشەیان لێ کردین کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردندا، باقی لاوەکانی بنەماڵەکەیان دەسبەسەر دەکەن و وەک نیما گیانیان لێ دەستێنن.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان وتووە؛ لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردندا، هەرچی لاویان هەیە دەیانکوژن و ئەگەر بنەماڵەکە هۆکاری مەرگەکە "پەلاماردانی سەگ" ڕانەگەیێنن، باقی ئەندامانی بنەماڵەکەشیان دەکوژن. تەنانەت ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەندین جار دایکی نیمایان بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کردووە تاکوو بنەماڵەکە ناچار بکەن هۆکاری مەرگەکە، پەلاماردانی سەگ ڕابگەیێنن.

 ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم مێرمنداڵە لە گوندی "زیندەشت"ی شاری سەڵماس و لەژێر چاوەدێڕیی چڕی ئەمنییەتییدا بەڕێوە چوو.

پاش وەرگرتنی بەڵگەی ۆزیشکی دادوەری لەلایەن بنەماڵەوە لە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١دا، بنەماڵەی نیما بانگی دادگا دەکرێن و لەوێ پێیان ڕادەگەیەندرێ کە مەرگی کوڕەکەیان سروشتی بووە.

هەڕەشەی تەقەکردن لە بنەماڵە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی نیما شەفەق دووست؛

بنەماڵەی شەفەق دووست سەبارەت بە بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی کوڕەکەیان هەڕەشەی توندیان لێ کرا. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەی شەفەق دووست دەڵێن کە ئەگەر ڕێوڕەسمی چلە بەڕێوە ببەن، تەقە لە بنەماڵەکەتان دەکەین، بە بێ ئەوەی کەسێک بزانێ کە کێ تەقەی لێ کردوون.

هەڕەشەکان دژی ئەم بنەماڵەیە تا جێگایەک درێژەی بوور کە لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیاندا، دایکی دەسبەسەر دەکەن و هەڕەشەی لێ دەکەن تا لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕ خۆیان ببوێرن.

نیما (ئەسڵان ) شەفەق دووست، کوڕی بێهرووز و سانیا، لەدایکبووی ٢١ی خەرمانانی ١٣٨٤ لە ورمێ بوو.

ناوبراو تا پۆلی ٦ی سەرەتایی خویندوویەتی و پاشان لە شارەکی ئیسلام ئابادی شاری ورمێدا لە خواردنگەیەکدا کاری کردووە.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە