پیرانشار؛ بانگکرانی هەواڵنێرێک بۆ ئیتلاعات و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلەکەیدا

21:26 - 12 رێبەندان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هەواڵنێرێک بە ناوی "ئاوات مام سەلیم"، ناسراو بە "ئاوات بڕنۆ"، بانگی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە و پاش لێپرسینەوە دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هەواڵنێرە بە هۆی چالاکییەکانی و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سێ شاخەوانەکەی نەغەدە لە ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ و فەریار ئەمینیپوور، وەرزشوانی لاوی سەقزی، بانگی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەم هاووڵاتییەدا گرتووە و دژی حیزبەکانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و ڕاگەیەندراو سەبارەت بە ٢٢ی ڕێبەندانیان لە ستۆریی ئینستگرامەکەیدا بڵاو کردووەتەوە.

ئاوات مام سەلیم، ڕۆژنامەوانی پێگەی هەواڵی "کورد پەیام"ــە. ناوبراو پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.