بەندیخانەی سەقز؛ دۆخی خراپی عوسمان ئیسماعیلی و ڕێگریکردن لە ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە

04:43 - 12 رێبەندان 2723

سەرەڕای خراپبوونی دۆخی جەستەیی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری و پێویستیی جیددیی ناوبراو بە نەشتەرگەری بە زووترین کات؛ بەرپرسانی بەندیخانەی سەقز ڕێگری لە ڕاگواستنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دۆخی عوسمان ئیسماعیلی بە جۆرێک نالەبارە کە بە وتەی پزیشکەکان ئەگەر نەشتەرگەریی بۆ نەکرێت، مەترسیی جیددیی لەسەر گیانی دەبێت. لەلایەکی ترەوە ئەم چالاکە کرێکارییە لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا لە مافی چاوپێکەوتن بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانبار، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە هۆی نەخۆشیی فتق، لە زیندانی ئەم شارەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا و پزیشکی دادوەریی سەقز جەختی کردەوە کە عوسمان ئیسماعیلی بە زووترین کات دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێ بەڵام  بەرپرسانی بەندیخانە تاکوو ئێستا هیچ کارێکیان بۆ بەدواداچوونی دۆخی ناوبراو نەکردووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دادوەری دۆسییەکە تاکوو ئێستا ئیزنی مورەخەسیی دەرمانی بەم بەندکراوە نەداوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانبار، لقی ٢ی جێبەجێکاری سزاکانی سەقز بە بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلییان ڕاگەیاند کە ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کراوە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین لە وەرگرتنی خۆیان بواردووە و دیسان ناردوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی سەقز.

ئەم چالاکە کرێکارییە جیا لەوەی کە تووشی فتق بووە، نەخۆشی دڵ، هەناسەدان و ڕۆماتیسمیشی هەیە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە پاش پەسندکرانی حوکمی زیندانەکەی لە دیوانی بالای وڵاتدا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەر حوکمێکی سەبارەت بە جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی پێ گەیشتبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانان، عوسمان ئیسماعیلی لەگەڵ پارێزەرەکەی بە ناوی فەرزاد نەسروڵڵاهی، سەبارەت بە حوکمی سەرەتایی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داواکاریی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بەم حوکمە، بە دیوانی باڵای وڵات گەیاند.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی" بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوو.

دادگا بە سەرنجدان بە لایەنەکانی کەمکردنەوەی سزا لە ماددەی ٣٨ یاسای سزای ئیسلامی، دەرکراوی ساڵی ،١٣٩٢ لەوانە تەمەنی عوسمان ئیسماعیلی و خێزانداربوونی ناوبراو، بە پشتبەستن بە ماددەی ناوبراو و ماددەی ٦ی کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری دەرکراوی ساڵی ١٣٩٩، حوکمەکەی بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، کەم کردبووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی عوسمان ئیسماعیلی بە سەرۆکایەتیی داداوەر "جەواد مستەفایی"، سەرۆکی لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقز و "کەیوان جەهانی"، ڕاوێژکاری دادگای ئینقلابی سەقز بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوە، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.