مارسێڵ هۆپ، کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی؛ ناوبراو بێ تاوانە و بە ناحەق سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپاوە

19:54 - 6 رێبەندان 2723

مارسێڵ هۆپ، کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپاوە، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی: گیانی یووسف ئەحمەدی پاش پشتڕاستکرانەوەی سزاکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، لە مەترسیدایە.

ئەم ئەندام پارلەمانەی ئاڵمان وتوویەتی: من وەکوو کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی، خوازیاری ئازادیی ناوبراوم، یووسف بێتاوانە و بە ناحەق سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

مارسێڵ هۆپ، پاش سزادرانی یووسف ئەحمەدی بە لەسێدارەدران، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، کەفالەتی سیاسیی ناوبراوی لە ئەستۆ گرت و نووسی؛ من کەفالەتی سیاسیی یووسف لە ئەستۆ دەگرم تاکوو سەرنجەکان بۆ لای دۆخی ناوبراو ڕاکێشم و هاوڕێ لەگەڵ ڕای گشتی بتوانین گوشار بخەینە سەر کۆماری ئیسلامی.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئەشکەنجە فیزیکی و دەروونییەکان لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان دژی یووسف ئەحمەدی کردووە و وتوویەتی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان و مافە نێونەتەوەییەکان لە دۆسییەکەیدا پێشێل کراون.

لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمی لەسێدارەدرانی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بانەی پشتڕاست کردەوە.

پاش سێ ساڵ و چوار مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، یووسف ئەحمەدی خەڵکی بانە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانەش، بە ناوەکانی "محەممەد کەریمی"، "باست کەریمی" و "محەممەد فەیزی"، سەرجەم بە ٦٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

بەپێی حوکمی دادگای سەرەتایی یووسف ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران، محەممەد کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٥ ساڵ بەندکران، باست کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٠ ساڵ بەندکران و محەممەد فەیزی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی"، بە ٢٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٥ی خەرمانان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و حوکمی دەرکراو دژی ئەم ٤ هاووڵاتییە، لە ڕۆژی ١١ی خەرمانان دەر کرا و ڕۆژی ١٢ی خەرمانان پێیان ڕاگەیەندرا.

ئەم چوار هاووڵاتییە، سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٣٩٩، بە دەسپێکی شەپۆلی دەسبەسەکرانی هاووڵاتییان لە بانە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم چوار کەسەیان بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبوو.

ئەم چوار هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە ڕاگوێزران و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کران.

ئەم چوار هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دراون.