بەندیخانەی ماکۆ؛ ناسر دالە مانی لە خواردن گرت

19:50 - 6 رێبەندان 2723

ناسر(محەممەد) دالە، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "زەنگیاوێ" و دانیشتووی "شێناوێ"، سەر بە شاری پیرانشار کە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ماکۆ تێدەپەڕینێ، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە دوو ڕۆژ پێشەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژایەتی لەگەڵ پێدانی مورەخەسییەکەی، لێوەکانی خۆی دووریونەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەرەڕای ڕەزامەندیی بەرپرسانی پێوەندیدار بۆ پێدانی مورەخەسی بەم بەندکراوە سیاسییە، دادستانی پیرانشار، دژایەتیی لەگەڵ داواکاریی ناوبراو بۆ وەرگرتنی مورەخەسی کردووە.

ڕۆژی شەممە، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە لە زیندانی نەغەدەوە بۆ زیندانی ماکۆ دوور خرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "موحاربە"، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دەبێ دوو ساڵ لەو ماوەیە وەکوو دوورخرانەوە لە زیندانی ماکۆ تێپەڕێنێ.

ڕۆژی هەینی، ٤ی خەرمانانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاریان کردبوو.

ناسر دالە، پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ناسر دالە، کوڕی عوسمان خیزاندارە و منداڵێکی هەیە.