لەدایکبوونەوەی زەکەریا خەیاڵ لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار

00:38 - 6 رێبەندان 2723

بنەماڵەی زەکەریا خەیاڵ لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە منداڵە تازەلەدایکبووەکەیان، بە یادی ئەو کوڕەیان کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا گیانی لەدەست دا، ناوی زەکەریایان لێ نا.

زەکەریا خەیاڵ، کوڕی تازەلەدایکبووی بنەماڵە، ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لەدایک بوو. زەکەریای تەمەن ١٦ ساڵیش کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی کوژرا، لەدایکبووی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٨٤ بوو.

زەکەریا خەیاڵ، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە شەقامی ٣٢ میتریی پیرانشار بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکان بە هۆی بەرکەوتنی دوو فیشەکی چەکی کڵاشینکۆف لە پشت و سینگ و دەستی، گیانی لەدەست دا.

زەکەریا خەیاڵ، کاتژمێر ٢١:٣٠ی شەوی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە نزیک قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی کچانە لە شەقامی ٣٢ میتریی پیرانشار و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

هەر لە سەرەتاوە تەرمی زەکەریا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دزرا و باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئاگایی پیرانشارەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە باوکی زەکەریا کردبوو کە ڕایبگەیێنێ کە   بکوژی منداڵەکەی  حیزبە کوردستانییەکانن، بەڵام ناوبراو ئەم داواکاریەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕەت کردبووەوە و وتبووی هێزەکانی حکوومەت  بکوژی کوڕەکەی منن.